بچۆ سه‌ر ناوه‌ڕۆک

بچۆ سه‌ر لیستی ناوه‌ڕۆک

بە‌شی ١

ئامۆژگاریە‌کانی خودا بۆ ژیانێکی هاوسە‌ریە‌تی کامە‌ران

ئامۆژگاریە‌کانی خودا بۆ ژیانێکی هاوسە‌ریە‌تی کامە‌ران

‏«ئە‌ی نە‌تان خوێندۆتە‌وە،‏ کە دروستکە‌ر لە سە‌رە‌تاوە مرۆڤی بە نێر و مێ دروستکردوە.‏»​—‏⁠مە‌تتا ١٩:‏٤

یە‌هوە a خودا بناغە‌ی یە‌کە‌مین ژیانی هاوسە‌ریە‌تی دانا.‏ پە‌رتووکی پیرۆز پێمان دە‌ڵێ ئە‌و ژنی دروست کرد و «بۆ پیاوە‌کە‌ی هێنا».‏ ئادە‌م زۆر دڵخۆش بوو و وتی:‏ «ئێستا ئە‌مە ئێسکێکە لە ئێسقانە‌کانم و گۆشتە لە گۆشتم» (‏پە‌یدابوون ٢:‏٢٢،‏ ٢٣‏)‏.‏ یە‌هوە ئێستاش دە‌یهە‌وێ ژیانی هاوسە‌ریە‌تی هە‌موو کە‌س کامە‌ران بێت.‏

ئە‌و کاتە‌ی ژیانی هاوسە‌ریە‌تی پێکدێنی،‏ لە‌وانە‌یە بیر بکە‌یە‌وە هە‌موو شتێک بە باشترین شێوە بە‌رە‌و پێش دە‌چێ.‏ لە ڕاستیدا ئە‌و ژن و مێردانە‌ش کە بە دڵ یە‌کیان خۆش دە‌وێ تووشی گرفت دە‌بن (‏١ کۆرنسۆس ٧:‏٢٨‏)‏.‏ لە‌و نامیلکە‌یە‌دا،‏ بنە‌ماکانی پە‌رتووکی پیرۆز دە‌دۆزیە‌وە،‏ کە ئە‌گە‌ر بە‌کاریان بهێنی،‏ ژیانی هاوسە‌ریە‌تی و بنە‌ماڵە‌ییت کامە‌ران دە‌بێ (‏زە‌بوور ١٩:‏٨-‏١١‏)‏.‏

١ ئە‌و ئە‌رکە‌ی کە یە‌هوە بە تۆی ڕاسپاردوە بە‌جێی بگە‌یە‌نە

ئە‌وە‌ی کە پە‌رتووکی پیرۆز دە‌فە‌رمووێ:‏ مێرد سە‌ری خێزانە‌کە‌یە‌تی (‏ئە‌فە‌سۆس ٥:‏٢٣‏)‏.‏

ئە‌گە‌ر مێردی،‏ یە‌هوە چاوە‌ڕوانە بە هە‌ستیاری ئاگاداری لە ژنە‌کە‌ت بکە‌ی (‏١ پە‌ترۆس ٣:‏٧‏)‏.‏ ئە‌و هاوسە‌رە‌کە‌تی وە‌کو یاریدە‌ر بۆ تۆ ئافراند و دە‌یە‌وێ تۆ لە‌گە‌ڵ ئە‌و بە ڕێز و خۆشە‌ویستیە‌وە ڕە‌فتار بکە‌ی (‏پە‌یدابوون ٢:‏١٨‏)‏.‏ تۆ دە‌بێ هاوسە‌رە‌کە‌ت ئە‌وە‌ندە خۆشبوێ کە بخوازی پێداویستیە‌کانی ئە‌و لە پێش پێداویستیە‌کانی خۆت جێبە‌جێ بکە‌ی (‏ئە‌فە‌سۆس ٥:‏٢٥-‏٢٩‏)‏.‏

ئە‌گە‌ر ژنی،‏ یە‌هوە چاوە‌ڕوانە بە دڵ ڕێز لە مێردە‌کە‌ت بگری و یارمە‌تی بدە‌ی تا ئە‌رکی خۆی بە ئە‌نجام بگە‌یە‌نێ (‏١ کۆرنسۆس ١١:‏٣؛‏ ئە‌فە‌سۆس ٥:‏٣٣‏)‏.‏ پشتگیری بڕیارە‌کانی بکە و لە ناخی دڵتە‌وە هاوکاری بکە (‏کۆلۆسی ٣:‏١٨‏)‏.‏ کاتێک ئە‌و جۆرە ڕە‌فتار بکە‌ی لە بە‌ر چاوی مێردە‌کە‌ت و ێە‌هوە جوان دە‌بی (‏١ پە‌ترۆس ٣:‏١-‏٦‏)‏.‏

تۆ دە‌توانی چی بکە‌ی:‏

  • لە هاوسە‌رە‌کە‌ت پرسیار بکە چۆن دە‌توانی مێرد یان ژنێکی باشتر بی.‏ بە باشی گوێی لێ بگرە،‏ و بیر بکە‌وە کە چۆن دە‌توانی باشتر ڕە‌فتاری لە‌گە‌ڵ بکە‌ی.‏

  • خۆڕاگر بە.‏ بۆ هە‌ر دووکتان کات دە‌خایێنێ هە‌تاکو فێر بن چۆن یە‌کتر دڵخۆش بکە‌ن.‏

٢ لە دڵە‌وە بایە‌خ بە هە‌ستی هاوسە‌رە‌کە‌ت بدە

ئە‌وە‌ی کە پە‌رتووکی پیرۆز دە‌فە‌رمووێ:‏ پێویستە بزانی هاوسە‌رە‌کە‌ت دڵی بە چی خۆش دە‌بێ (‏فیلیپی ٢:‏٣،‏ ٤‏)‏.‏ بایە‌خ بدە بە هاوسە‌رە‌کە‌ت و لە بیرت بێت کە یە‌هوە بە پێویستی دە‌زانێ خزمە‌تکارە‌کانی «نە‌رم بن لە‌گە‌ڵ هە‌موو کە‌س» (‏٢ تیمۆساوس ٢:‏٢٤‏)‏.‏ «هە‌یە هە‌ڵە‌شە‌یە‌کە‌ی وە‌ک زە‌بری شمشیرە،‏ بە‌ڵام زمانی دانایان چاکبوونە‌وە‌یە».‏ بۆیە ئاگادار بە چۆن قسە دە‌کە‌ی (‏پە‌ندە‌کانی سلێمان ١٢:‏١٨‏)‏.‏ ڕۆحی پیرۆزی یە‌هوە یارمە‌تیت دە‌دا بە سە‌روڕوخۆشی و خۆشە‌ویستێوە قسە بکە‌ی (‏گە‌لاتیا ٥:‏٢٢،‏ ٢٣؛‏ کۆلۆسی ٤:‏٦‏)‏.‏

تۆ دە‌توانی چی بکە‌ی:‏

  • پێش ئە‌وە‌ی کە لە‌گە‌ڵ هاوسە‌رە‌کە‌ت دە‌ربارە‌ی شتی گرنگدا قسە بکە‌ی بۆ لە‌سە‌رە‌خۆ بوون و دڵفراوان بوون بپاڕێوە.‏

  • بە وردی بیر بکە‌وە کە چی دە‌ڵێی و چۆنی باس دە‌کە‌ی.‏

٣ بە یە‌کگرتوویی بڕیار بدە‌ن

ئە‌وە‌ی کە پە‌رتووکی پیرۆز دە‌فە‌رمووێ:‏ ئە‌و کاتە کە هاوسە‌رگیری دە‌کە‌ن ئیوە دە‌بنە «یە‌ک جە‌ستە» لە‌گە‌ڵ هاوسە‌رە‌کە‌ت (‏مە‌تتا ١٩:‏٥‏)‏.‏ بە‌ڵام ئێوە دوو کە‌سی جیاوازن و لە‌وانە‌یە بیروبۆچوونی جیاوازتان هە‌بێ.‏ بۆیە پێویستە بە‌یە‌کە‌وە فێربن کە یە‌ک دڵ و یە‌ک مە‌بە‌ستتان هە‌بێت (‏فیلیپی ٢:‏٢‏)‏.‏ یە‌کگرتووی زۆر گرنگە لە بڕیارداندا.‏ پە‌رتووکی پیرۆز دە‌فە‌رموێ:‏ «پلانە‌کان بە ئامۆژگاری دێنە‌دی،‏ بە ڕاوێژ بجە‌نگە» (‏پە‌ندە‌کانی سلێمان ٢٠:‏١٨‏)‏.‏ ڕێگا بدە بنە‌ماکانی پە‌رتووکی پیرۆز ڕێنمایی تۆ بکات کە بتوانن بە‌یێکە‌وە بڕیارە گرنگە‌کانی ژیانتان بدە‌ن (‏پە‌ندە‌کانی سلێمان ٨:‏٣٢،‏ ٣٣‏)‏.‏

تۆ دە‌توانی چی بکە‌ی:‏

  • لە‌گە‌ڵ هاوسە‌رە‌کە‌ت باسی هە‌ستە‌کانت بکە،‏ نە تە‌نیا باسی زانیاری و بیرووبوچونی خۆت.‏

  • پێش ئە‌وە‌ی بڕیارێک بدە‌ی هاوفکری لە‌گە‌ڵ هاوسە‌رە‌کە‌ت بکە.‏

a یە‌هوە ناوی خودایە لە پە‌رتووکی پیرۆزدا.‏